56 Road Kurigram Street, 60 New York, UK +968 556 778 345

پێنج ئاستی ڕێبەرایەتی - TAKFOUNDATION.ORG

پێنج ئاستی ڕێبەرایەتی

10 جولای 2023 takinstitute.ca 0 Comments

«پێنج ئاستی ڕێبەرایەتی» نووسینی جان کالوێن ماکسوێڵ

جان کالوێن ماکسوێڵ، نووسەر و وتاربێژیکی ئەمریکییە کە تا ئەمڕۆکە کتێبگەلێکی زۆری لەبارەی ڕێبەرایەتییەوە نووسیوە. ماکسوێڵ لە بەناوبانگترین نووسەرانی ئەم مژارە بە ئەژمار دێت و تا ساڵی ٢٠١٢، نزیک بە ٢٠ ملیۆن ژمارەی لە بەرهەمەکانی فرۆشراوە و بە ٥٠ زمانی جیهانیش وەرگێڕدراونەتەوە. «ئەنیستیتۆی تاک» لە درێژەی وەرگێڕانەکانی‌دا پەرژاوەتە سەر یەکێک لە ناسراوترین کتێبەکانی ماکسوێڵ بەناوی «پێنج ئاستی ڕێبەرایەتی». نووسەر خۆی لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت:« لە تەواوی ئەو ساڵانەدا کە خەریکی وانەگوتنەوەی رێبەرایەتی بووم، بەردەنگەکانی من لە ئاکادیمیای نیزامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا شەریکەی مایکرۆسافت و هەروەها دامەزراوەکانی‌تر لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دنیا دا، یەکێک له لێدوانەکانی منیان زیاتر لەوانی دیکە پەسەند کردووە. ئەم لێدوانه سەبارەت بە میکانیزمی رێبەرایەتییە و گەڵاڵەیەک دەخاته بەر دەستی بەردەنگ که بە یارمەتی ئەو دەتوانێ ببێته رێبەر. نێوی ئەم لێدوانە (پێنج ئاستی رێبەرایەتی)ـیه.» ماکسوێڵ لەم کتێبەدا کە پووختەی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەکانی لە سەرانسەری جیهانە، لە هەوڵی ئەوەدایە هەنگاو بە هەنگاو مژارە سەرەکییەکانی ڕێبەرێکی کاریگەر پێناسە بکات. ئەو پێنج ئاست بۆ هەر ڕێبەرێکی لێزان و لێهاتوو دیاری دەکا و لە پاشان بەوردی ئاکار و هەڵسووکەوتەکانی لەگەڵ تاکەکەن تاوتوێ دەکا. لای ماکسوێڵ هەر شەریکە و کۆمپانیایەک، یان تەنانەت وڵاتێکی پێشکەوتووش، کاریگەری ڕێبەرەکانی بەسەردا دیارە و لە ڕاستی‌دا بیرۆکە و ئاکاری ئەو ڕێبەرانەیە کە تاکەکان بۆ گەشە و پێشکەوتن گوێ‌ڕایەڵی خۆی دەکا. ڕێبەرایەتی تەنیا پلە و مەقام ناگرێتەوە، تەناتەت پلە و مەقام لە ئاستێکی هەرە نزمی ڕێبەرایەتی دایە. ڕێبەری کاریگەر و بە ڕەوشت کەسێکە وا بتوانێت کاریگەری لەسەر تاکەکان هەبێت و بێ‌ئەوەی بیانخاتە ژێرگوشارەوە لە پێناو ئامانجە سەرەکییەکان هەوڵ بدەن. بۆ ئەوەی تاکەکان گوێ‌ڕایەڵ بن و لە کاتی ئیش و ئەرکەکانیان‌دا چەواشەکاری و تەمبەڵی نەنوێنن دەبێ ڕێبەرێکی لێهاتوو و لێزانیان بەسەرەوە بێت. ئەم ڕێبەرایەتییە چۆن دەست دەکەوێت؟ بیرۆکە و هەڵسووکەوتی چۆنە؟ ئایا ڕێبەر تەنیا کەسێکە وا فەرمان و دەستوور دەدات یان نەخێر، خۆشی کەسایەتییەکی بەهەست و گوێ‌قوڵاغی هەیە؟ چۆناچۆن گرفت و کەموکووڕییەکانی خۆمان بسڕینەوە بۆ ئەوەی ڕێبەرێکی کاریگەر بین؟ تیکڕای ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری لەم چەشنە لە کتێبی «پێنج ئاستی ڕێبەرایەتی»دا بە زمانێکی سادە و ساکار وڵام دەدرێنەوە. کاتێک باسی ڕێبەرایەتی دەکەین گرینگ نییە مەبەستمان ڕیبەری شەریکە یان وڵات یان گرووپێکی وەرزیشییە، گرینگ هەڵسووکەوت و کاریگەری ڕێبەرە، کەواتە بەرلەوەی ئەرکی ڕێبەری بخەینە ئەستۆی خۆمانەوە، دەبێ پرسیارگەلی لەم چەشنە وڵام بدەینەوە هەتاکوو لە ئیشەکەمان‌دا سەرکەوتوو و بێ‌کەموکووڕ بین. جان ماکسوێڵ فێرمان دەکا چلۆن ئەم کەموکووڕی و کەمایەسیانە لە خۆمان داماڵین و بە نیگایەکی ورد کاریگەریمان لەسەر تاکەکان هەبێت.

leave a comment