سەبارەت بە ئانوبانی
پێشەکی
گۆڕانێکی بەرچاو لە گشت بوارەکاندا خەریکە ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانە لە ژینگەوە بگرە تا دەگاتە ناو هەناوی ماڵەکەت و ژوورەکەت دەگرێتە بەر. پەیتا پەیتا باس لە لەناوچوونی ژینگە دەکرێت و دارستانەکان خەریکن بەرەو ئاقارێکی نالەبار دەڕۆن. زۆر چەشن لە دارەکان لە مەترسی لەناوچووندان. پیشەسازی چاپ سەرەڕای گشت کاریگەرییە بەنرخەکانی لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی خەریکە لەم لاوە لایەنی هەڕەشەکەری خۆی بۆ دارستانەکان و ژینگە دەخاتە ڕوو.
لە لایەکی ترەوە زۆربوونی نفووسی خەڵک و مرۆڤ کارێکی کردووە جار بە جار ماڵەکان و ژوورەکان بچووکتر دەبنەوە. ئێستا بەدەگمەن ماڵێک لە چەشنی ماڵەکانی ڕابردوو دەبینرێت کە حەوشەوحەساری پانوبەرینی بە گوڵ و گیا و دار ڕازابێتەوە. ئەم وێنەیە تەنیا حەسار ناگرێتە بەر بەڵکوو ناو ژووری خەوەکە و کتێبخانەکەشت هەر وەبیرهێنەرەوەی لەدەستچوونی وەها جیهانێکی پانوبەرینن.
لە دیوی پانوبەرین و فشوفۆڵی جارانەوە گەیشتووینەتە دیوێکی خشپیلانە و گردوکۆ. لە زۆربەی شارەکان لە جیات ماڵی سەربەخۆ ئێستاکە سیستەمی ئاپارتمانی هاتۆتە گۆڕێوە. ئیتر ماڵەکان شوێنێکی وەک کتێبخانە وەخۆ ناگرن و وەک ژانەسەر دەیهێننە ئەژمار.
لە لایەکی ترەوە، هەندێک کاروباری پاش چاپ وەک بڵاوکردنەوە و داڵبەشکردنی نووسراوە و کتێب بەسەر شارەکان و بگرە گشت گۆی زەویدا بۆتە کارێکی ئەستەم و بڕستی لە بڵاوکەرەوەکان بڕیوە. لە هەندێک شوێندا ئەم گرفتە بۆتە هۆی بێخەبەریی مرۆڤی کورد لەو کارانەی کە لە بەشێکی تر لە گۆی زەوی بە دەست نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد ئەنجام دەدرێت. ئەمە چەتی خستۆتە سەر ڕێی سازبوونی گفتوگۆ و دیالۆگێکی زیندوو لە نێوان ڕووناکبیرانی کورددا کە وەک تۆوی هەرزەن بەسەر زەویدا بڵاو بوونەتەوە. لە لایەکی ترەوە هەر ئەم کێشەیە بۆتە هۆی لەکیسچوونی هێز و کاتێکی زۆر بۆ ڕووناکبیران، کەسێک لە شوێنێک خەریکە مێشکی خۆی دەگوشێ بۆ ئەوەی بتوانێ ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەیەکی فیکری بدۆزێتەوە بەڵام بێخەبەرە لەوەی کە لە شوێنێکی تر کەسێکی تر تا ڕادەیەکی زۆر وەها کارێکی کردووە، لە ئەنجامدا کاری دووپاتە و چەندپاتە دەکرێت و ڕەوتی گەشەی پرسەکە کول دەبێت.
کەڵکەڵەی هەناردەکردنی کتێب بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکان و هەروەها نرخی بەرزی کاغەز کە ئەمڕۆکە بۆتە بازرگانییەکی بەسوود، کارێکی کردووە کە کتێب لە کڕین نەیات. کەسێک کە داهاتێکی باشی نەبێت بۆی ناگونجێت دەس بۆ کتێب بەرێت. بە شێوەیەکی ئایرۆنیک دەڵێی مێژوو خەریکە بەرەو پاش دەگەڕێتەوە، تەنیا ئەو کەسانە مافی خوێندنەوە و ئاگاداربوونەوەیان هەیە کە خاوەنی پلەیەکی تایبەتی چینایەتی بن و دەستیان بە دەمیان ڕابگات.
ئاست و پانتایی ئەم گۆڕانە تەنیا لە ژینگە و شێوازی بیناسازیدا قەتیس نەماوە. بەرەی نوێ ئیتر وەک سەردەمی ئێمە تێکەڵ بە سیستەمی ئانالۆگ نییە. سەردەمانێک هۆگۆ لە کتێبی کووڕی نۆتێردامدا حەسرەتی دەخوارد بۆ ئەوەی هونەری بیناسازیی کلاسیک خەریکە بە هاتنەئارای پیشەسازیی چاپەوە تووشی قەیران دێت. ئەو لە بەشی “هۆوە بە دەستی ئەمە لە ناو دەچێت” باس لە قەشەیەک دەکات کە لە بەرزایی کلیساکەیەوە کتێبێکی بە دەستەوەیە و خەریکە سەیری بینا مەزنەکانی شاری پاریس دەکات و بە حەسرەتەوە چاوی تێدەبڕێت و هەست بەوە دەکات کە پیشەسازیی کتێب و هونەری نووسین خەریکە هونەری بیناسازی بەرەو هەڵدێری نەمان دەبات و لە برەوی دەخات. بۆ بەرەی پێشوو بۆنی کاغەز و خشەی لاپەڕەکان نۆستالۆژییەکە بەزەحمەت دەتوانن دەستیان لە دڵیان بێتەوە و دەستی لێ هەڵگرن یان لەگەڵ سەفحەی مۆنیتۆڕ بیگۆڕنەوە. بەڵام بەرەی نوێ بە شێوەیەکی ڕۆژانە بە موبایل و لەبتاب و کامپیۆتەرەوە سەرقاڵن و بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیانە؛ ئەمان وەکوو بەرەی پێشوو بە بۆنی کاغەزی کاهی و خشەی لاپەڕەکان دڵیان نابوورێتەوە، ئەمان لەگەڵ وێنەی دیجیتاڵ و دەقی پیدیئێف پتر هەست بە ئاشنایی و نزیکی دەکەن. لە سەردەمی پێشوودا بۆ دۆزینەوەی مانای وشەیەک لە هەنبانەبۆرینەدا دەبوو پەڕ بە پەڕ کتێبەکە هەڵدەیەوە و وشەکە بدۆزییەوە، ئەمڕۆکە گەڕانی دیجیتاڵ وەها ئاکارێکی سڕیوەتەوە، تەنیا پێویستە وشەکان بنووسی و هەڵسووڕی گەڕان بکوتی. ئەم بەرە نوێیە پێویستی بە فەزایەک هەیە بتوانێ پێوەندیی لەگەڵ زانستی مرۆڤ و مێژووی ئەم زانستە بگرێت. ئیتر ڕێتێنەچووە کە بە شێوەی ئانالۆگ و کاغەزی بکرێت وەها زانیارییەک بەم بەرەیە بدرێت؛ کەوابوو دەبێ فۆڕمێکی نوێ بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی ئەم ڕەوتە مێژووییە تووشێ پچڕان و لێکدابڕان نەبێت. کاری ئەم پلاتفۆرمە کارێکە لە چەشنی دزەی ئەم مێژووە نووسراوەیە بۆ ناو دڵی جیهانی دیجیتاڵەوە. بەم جۆرە ئەو گەنج و مێرمنداڵانەی کە لە ڕۆژدا خەریکی گەڕان بە جیهانی مەجازیدان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە لە پەنا باقی بژاردەکانی بەر ڕوویان لەم فەزایەدا بتوانن لەگەڵ ئەم گەنجینەیەش ئاشنا بن.
گشت ئەم باسانەی تا ئێستا کران ڕوویان لە خۆمانە واتە لە مرۆڤی کورد. بەڵام لایەنێکی تری ئەم پلاتفۆرمە ڕووی لە دەرەوە یان خەڵکانێکە کە کورد نین. ئەمڕۆکە بۆ گشت زمانەکان و گشت بوارەکان تەنیا فەزایەکی کە بۆ توێژەران و لێکۆڵەران هەیە فەزای مەجازییە. گەر کەسێکی غەیریکورد بیهەوێت بۆ وێنە سەر لە ڕەوتی چیرۆکنووسیی کوردی یان ئەدەبیاتی کوردی و… دەربێنێت زۆر بەزەحمەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتی و مەجازییەکان شتێکی دەس دەکەوێت، بە واتایەک ئێمەی کورد لە جیهانی مەجازیدا بوونمان نییە. هەر بەو هۆیە کەسی توێژەر هیچ ڕێگەیەکی نییە گەر بیهەوێت سەبارەت بە کورد و لایەنە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی کەلتووریی کوردی لێکۆڵینەوە بکات.
کۆی ئەم کێشانە بوونەتە هۆی ئەوەی دۆزینەوەی فۆڕمێکی نوێ بۆ کاروباری وشە و کتێب ببێتە کەڵکەڵەیەک بۆ دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی ئانوبانی. ئەم پلاتفۆرمە بەهیوایە بە ماوەی چەندین ساڵ لە فەزای مەجازیدا بیچمێکی توێژینەوەهەڵگر بە کورد ببەخشێت.
ئانوبانی پلاتفۆرمێکی پێشکەوتووی ئانلاینە کە لە لایەن پەیمانگای تاکەوە بۆنیات نراوە. ئانوبانی بە دابینکردنی فەزای ناوازە بۆ بڵاوکەرەوە و نووسەران، بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی کتێبەکانیان، یەکەم هەنگاوە لە جیهانی چاپ و بڵاوکردنەوەدا. ئانوبانی ئەگەری دابەشکردنی بێکێشە و دەستڕاگەیشتنی بەرفراوان دەستەبەر دەکات و بڵاوکەرەوەکان بۆ فراوانکردنەوەی ئاسۆی خۆیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ خوێنەرانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا بەهێز دەکات.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئانوبانی:
گشتگیربوون: ئانوبانی دەرگا بە ڕووی بازاڕێکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە، کە بڵاوکەرەوەکان دەتوانن سنوورە جوگرافییەکان تێپەڕێنن. جا تۆ بڵاوکەرەوەیەکی بچووکی سەربەخۆ بیت یان دەزگایەکی چاپ و بڵاوکرەوەیەکی دامەزراو، پلاتفۆرمی ئێمە دەرفەتت پێ دەدات کتێبەکانت بە خوێنەرانی کورد بناسێنیت کە لە سەرانسەری جیهاندا دەژین.
نمایشکردنی هاسانی کتێب: لە ڕێگەی ئانوبانییەوە، پێشکەشکردنی کتێبەکانت یەگجار هاسانتر دەبێتەوە. خۆێنەرانت دەتوانن بە ئاسانی وتە بەنرخەکانی نێو کتێبەکانت لە ڕێگای سوشیالمیدیاکانەوە بۆ دۆستانیان بنێرن و لەم ڕێگەوە دەبنە هۆی ناساندنی زۆرتری کتێبەکانی ئێوە و هاوبەشکردنی کورتەیەک لە ناوەرۆکی کتێبەکانتان. هەروەها خۆێنەر دەتوانێت بەشێک لە کتێبەکە کە سەرنجی ڕاکێشاوە نیشاندار بکات یان لە گۆشەیەک لە کتێبەکەدا پەیامێک بنووسێت.
ئەزموونی فرۆشتنی بێکێشە: ئانوبانی سەرلەبەری پڕۆسەی فرۆشتن ڕێکدەخات، ئەمەش وا دەکات کە ئەم پڕۆسە تاقەتپڕووکێنە بۆ هەردووک لایەنی بڵاوکەرەوە و خوێنەر بەبێ ماندووبوون دەستەبەر بێت. پلاتفۆرمەکەمان بژاردەی پارەدانی پارێزراو و گونجاو پێشکەش دەکەن، کە کڕیارەکان لە مامەڵەیەکی بێکێشە دڵنیا دەکەنەوە. بڵاوکەرەوەکان دەتوانن بەئاسانی فرۆشگاکانیان بەڕێوە بەرن و بەدواداچوون بۆ فرۆشتنەکانیان بکەن .
بەشداریکردنی خوێنەر: ئانوبانی کۆمەڵگەیەکی زیندوو لە لایەنگرانی کتێب کۆ دەکاتەوە و هاندەری کارکردن و بەشداریکردنە. خوێنەران دەتوانن لەم پلاتفۆرمەدا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بکەن و پێشنیارەکانیان ئاراستە بکەن، ئەمەش هەست بە پەیوەندی و متمانە پەروەردە دەکات. ئەم ماکانە نەک هەر سوود بە بڵاوکەرەوەکان دەگەیەنێن بۆ بەرزکردنەوەی متمانەپێکراوییان بەڵکوو هەروەها یارمەتیی خوێنەرانیش دەدەن کتێبی نوێ و سەرنجڕاکێش بدۆزنەوە.
سەربەخۆیی و براندکردن: ئانوبانی ڕێگە بە بڵاوکەرەوەکان دەدات ناسنامەی تایبەتی براندەکەیان بپارێزن و پێشانگای فرۆشگاکانیان بە پێی خواستی خۆیان دابنێن. بڵاوکەرەوەکان دەتوانن لۆگۆی خۆیان و ناسنامەی بینراوی جیاواز دابنێن و کۆمەڵە کتێبەکانیان کۆ بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی براندی بڵاوکردنەوەکەیان بێت. لەگەڵ ئانوبانی، ناوبانگی براندەکەتان وەک خۆی دەمێنێتەوە لە کاتێکدا کە ئێوە دەتوانن لە جیهانێکی بەرفراوانتردا چالاکیی کەلتووری و زانیاریڕاگەیاندن بکەن.
پشتگیریی نووسەر: ئێمە لەو ڕۆڵە گرنگە تێدەگەین کە نووسەران لە جیهانی بڵاوکردنەوەدا دەیگێڕن. ئانوبانی سەکۆیەک دابین دەکات کە تیشک دەخاتە سەر بەشداریی نووسەران. ئانوبانی بە پەروەردەکردنی هاوکارییەکانی نووسەر و بڵاوکەرەوە، پەیوەندیی نێوان عەقڵی داهێنەر و خوێنەرەکانیان بەهێز دەکات.
هاوکاری لەگەڵ ئانوبانی دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئاستی جیهانیدا بتوانن کارەکانتان دەربخەن. جا تۆ چ بڵاوکەرەوەیەک بی کە بە دوای ئاشکرابوونی فراوانتردا دەگەڕێت یان نووسەرێک بی کە بە دوای پەیوەندیگرتن لەگەڵ بەردەنگێکی فراوانتردایە، پلاتفۆرمەکەمان ئەو ئامراز و پشتگیرییانە پێشکەش دەکات کە پێویستت پێیانە. لەگەڵ ئانوبانی، دەتوانیت بە متمانەوە بەرهەمە ئەدەبییەکانت لە ئاستی جیهانیدا پێشکەش بکەیت و کاریگەرییەکی بەردەوام دروست بکەیت و دەست بکەیت بە گەشتێکی ورووژێنەری گەشەکردن و سەرکەوتن.
ئەزموونی داهاتووی چاپ و بڵاوکردنەوە لەگەڵ ئانوبانی دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە پێکەوە بیچمێکی نوێ بە شێوازی دۆزینەوە و قەدرزانی و بەنرخیی کتێب ببەخشین.