دەربارەی بڵاوکەرەوەی هایا
بەخێربێن بۆ بڵاوکەرەوەی هایا، شوێنی سەرەکی پەیمانگای تاک بۆ کتێبی وەرگێڕدراو بە زمانی کوردی.
پێشەکی
لەوانەیە زۆربەی جەماوەر چیرۆکی بورجی بابلیان بیستبێت. مرۆڤ پاش وەدەرنران لە بەهەشتی بەرین، ڕاو دەنرێن بۆ سەر گۆی زەوی و وەک سزایەک دەبێ لەسەر هەردی نالەبار و پڕ لە مەترسی بژین. ئەوان کە هەست دەکەن دەبێ پلەی خۆیان وە دەس بخەنەوە و لە ئاستی زەوییەوە بەرەو ئاسمان هەڵگەڕێن پلانی دامەزراندن و بۆنیاتنانی بۆرجێک دادەڕێژن. گشت کارەکان بە ڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت بەڵام پاش ئەمە ئاژاوە و ڕۆمەڵخەزا سەر هەڵدەدا. هۆکاری سەرەکیی ئەم بشێوی و ئاڵۆزییە ئەوەیە کە لە هەناوی زمانێکی یەکەوە زمانانی جۆراوجۆر سەر هەڵدەدەن. لێکتێنەگەیشتن دێتە ناو کاروباری سازکردنی بورجەوە و ئیتر هیچ کارێک بە ڕێکوپێکی بەڕێوە ناچێت و شەڕ و کێشە دەکەوێتە ناو جەماوەری مرۆڤەوە. لە ئەنجامدا سازکردنی بورج پەکی دەکەوێت.
وێدەچێ بەشی بەرچاوی مانای چێرۆکی بورجی بابل نەک گەڕانەوە بۆ ئاسمان بەڵکوو سازکردنی جیهانێکە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە بێپشتوپەنایی نەکات. بەر لەمە گشت یاساکان لە لایەن خواوە دانراوە بەڵام پاش داکشان بەرەو زەوی هەست بەوە دەکرێت کە دەبێ یاسایەکی نوێ بۆنیات بنرێت، یاسایەک کە تایبەت بە ژیان لەسەر زەوی بێت. بۆ وەها کارێک دەبێ هاودەنگی و هاوکاری بێتە ئاراوە بەڵام هەردووکی ئەم ئامانجانە دەستەبەر نابن مەگین مرۆڤ لێک تێبگەن. شێوانی زمان، نە تەنیا لێکتێنەگەیشتنی لێ دەکەوێتەوە بەڵکوو ئەگەری هەر چەشنە ژیانێکی عەقڵانی و یاسامەندیش لە مرۆڤ دەستێنێت. ئێمە گەر لە یەک تێنەگەین هەر چەشنە ژیانێکی مرۆیی و پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەش ڕێتێنەچوو دەبێت.
لە هەلومەرجی لێکتێنەگەیشتندا هەندێک کەس دەتوانن کەڵک لە دۆخەکە وەرگرن و لە سەرلێشێواویی مرۆڤ بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن. یەکەم کەسێک کە بە وەرگێڕان هەوڵی دا پێش بە وەها ئاکارێکی خۆویستانە و هەلپەرستانە بگرێت مارتین لۆتێر بوو. ئەو لە ساڵی 1532 زاییندا ئینجیلی لە زمانی لاتینەوە وەرگێڕا سەر زمانی ئاڵمانی و بەم جۆرە ئیماندارانی ئاڵمانی توانییان لە ڕێگەی وەرگێڕانی ئەوەوە ڕاستەوخۆ دەقی کتێبی پیرۆز بخوێننەوە. ئیتر پاش ئەم ڕووداوە زۆربەی ئیمانداران بڕوایان بە کردەوە هەلپەرستانە و قازانجخوازانەکانی کلیسا و قەشەکان نەما. وەها گۆڕانێک لە بیروباوەڕی ئیمانداراندا بە بۆنەی وەرگێڕانی لۆتێرەوە سەری هەڵدا.
لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەتوانین لە هەوڵەکانی مرۆڤ لە بەشێکی تر لە گۆی زەوی ئاگادار بینەوە. گەر تووشی کێشە و گرفتێکی کۆمەڵایەتین، یان لەگەڵ کەڵکەڵەیەکی فیکری دەسبەئێخەین یان هەستێکی تایبەتمان هەیە و نازانین چۆن دەریبڕین، لە شوێنێکی تر لە جیهاندا کەسێکی تریش سەرقاڵی هەمان کێشەیە یان توانیویە ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە یان ئەو کەڵکەڵە فیکرییە یان دەربڕینی ئەو هەستە بدۆزێتەوە. وەرگێڕان یارمەتیمان دەدات لێکتێبگەین و بازنە و پانتایی ئەم دیالۆگە نەک شار یان وڵاتی خۆمان بەڵکوو گشت گۆی زەوییە. لەم ڕێگەیەوە ئێمە ناچار نابین لەگەڵ گشت کێشەکان بە تەنیایی دەسبەئێخە بین، بەڵکوو یارمەتی لە میراتێکی زۆروزەوەند وەردەگرین کە دەسکەوتی هەوڵی مرۆڤایەتییە لە درێژایی مێژوودا.
ئێمەی کورد وەرگێڕی پڕۆفێشناڵ بە مانای ڕاستەقینەمان نییە. ئەمە بەو مانایە نییە کە وەرگێڕی باشمان نییە، ئەزقەزا وەرگێڕی زۆر وردبین و یەکجار بلیمەتمان بووە و هەیە. کارەکانی شکور مستەفا و هەژار و عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە ڕابردوودا و کارەکانی محەمەد ڕەمەزانی لە ئێستادا نموونەی بەرچاوی وەها وەرگێڕانێکن بەڵام کاتێک دەگوترێ وەرگێڕی پرۆفێشناڵ مەبەست کەسێکە کە بە شێوەی بەردەوام کاری وەرگێڕان دەکات و ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی وەرگێڕاوە و وەک ئیشێکی ڕۆژانە کاری وەرگێڕان دەکات. گەر سەرنجی کاری ئەم وەرگێڕیەلە بدەین بەخێرایی تێدەگەین کە ئەمانە ڕەنگە وەرگێڕی توانا و دەسڕەنگین بن بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناچنە بازنەی وەرگێڕی پڕۆفێشناڵەوە. هۆکاری سەرەکی نەک لە بێتوانابوونی ئەم کەسانەدا بەڵکوو لە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدایە کە ئیزن نادات ئیشی وەرگێڕان وەک ئیشێکی جیددی بێتە ئەژمار. نەبوونی شوێنێک کە لایەنگری و پشتیوانی لە وەرگێڕ بکات بۆتە هۆی ئەوەی لە بێئەنواییدا ناچار بێت کارێکی تر وەک ئیشی خۆی هەڵبژێرێت و بۆ بژیوی ژیان چاوی لەو کارە بێت و تەنیا هەندێک جار لە ڕووی دڵسۆزییەوە دەس بۆ قەڵەم ببات و کات بدزێت و سەرقاڵی ئەو شتە بێت کە تێیدا توانایە.
هایا یەکەم شوێنە کە بنەمای کاری خۆی لەسەر سازدانی کەشوهەوایەک داناوە کە تێیدا وەرگێڕ بتوانێ ئیشی وەرگێڕان وەک پیشەی ژیانی خۆی چاو لێ بکات و ئیتر سەرقاڵبوون بەم کارە نەک وەک کارێکی لاوەکی بەڵکوو وەک ئامانجی ژیان بێنێتە ئەژمار.
سەبارەت بە بڵاوکەرەوەی هایا
لە بڵاوکەرەوەی هایادا، ئێمە باوەڕێکی پتەومان بە هێزی فیکر و ئەدەب هەیە بۆ پەروەردە کردن, تێگەیشتن و هاودڵی و گەشەی کولتووری و کۆمەڵایەتی. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بەرهەمە ئەدەبییە هەمەچەشنەکان بگەیێنینە دەست خوێنەری کورد و دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنین لە ڕێگەی لاپەڕەی کتێبی وەرگێڕدراوەوە بە جیهاندا بگەڕێن. ئێمە پابەندین بە وەرگێڕانی کتێب لە هەموو زمانێکەوە بۆ خوێنەرانی کوردزمان و لەم ڕێگەیەوە پردێک پێکدێنین بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە کولتوور و ئاسۆ فراوانە فیکری و ئەدەبییەکانی جیهان.
هەمووان لە گرنگیی زمان لە پاراستنی میراتی کولتووری و شوناس تێدەگەن. بە وەرگێڕانی کتێب لە زمانە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ سەر زمانی کوردی، ئامانجمان دەوڵەمەندکردنی دیمەنی ئەدەبی و پەرەپێدانی فیکری و زمانەوانی و گەشەپێدان بە کولتووری کۆمەڵگەی کوردییە.
تیمی وەرگێڕ و زمانناس و سەرنووسەری لێهاتوومان پابەندن بە دابینکردنی وەرگێڕانی ورد و دڵسۆزانە کە جەوهەر و جوانیی بەرهەمە ڕەسەنەکان بپارێزێت. ئێمە بە وردی کتێبەکان لە چەندین ژانرەوە هەڵدەبژێرین، لەوانە ڕۆمان، شانۆنامە، شیعر، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مێژوو و کتێبەکانی بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی، کتێبی پەروەردەیی بۆ منداڵان و زۆر شتی تر، مەبەستیش لەم کارە ئەوەیە کە هەمووان بە بەرژەوەندی و سەلیقەی جۆراوجۆرەوە بتوانن بابەتی دڵخوازی خۆیان لە هایادا وە دەس بخەن. بەڵام بۆ هەلبژاردنی کتێبەکان ڕوانگەیەکی ڕوون و تایبەتمان هەیە، ئەویش ئەمەیە کە: ئێمە ئەو کتێبانە وەردەگێڕینەوە کە زانیارییەکەی دەبێتە هۆی تواناکردنی تاکی کورد، واتە زانیارییەکەی لەگەڵ هێنانی ئاگایی بۆ تاکی کورد تواناییشی لە بوارە کردەوەییەکاندا بۆ بەرهەم دێنێت.
بڵاوکەرەوەی هایا هاوکاری لەگەڵ نووسەرانی توانا و بڵاوکەرەوە و بریکارەکانی جیهان دەکات بۆ وەدەستهێنانی مافی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی. لە ڕێگەی ئەم هاوکارییانەوە، ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی خوێنەرانمان دەستیان بە تابلۆیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی جیهانی ڕادەگات، کە ڕوانگە و تێڕوانینێکی نوێیان پێشکەش دەکات.
ئێمە شانازی دەکەین بە پابەندبوونمان بە کوالیتی و گرنگیدان بە وردەکارییەکان. هەر وەرگێڕانێک لە پرۆسەیەکی درێژخایەن و پڕ لە وردەکارییەوە تێپەڕ دەبێت بۆ دڵنیابوون لە وردبینیی زمانەوانی و هەستیاری کولتووری و بەرزترین ئاستی ئەدەبی. ئامانجمان ئامادەکردنی کتێبێکی وەرگێڕدراوە کە خوێنەران سەرقاڵی خۆی بکات و یەکپارچەیی و جەوهەری بەرهەمە ڕەسەنەکان بپارێزێت.
هەروەها بڵاوکەرەوەی هایا وەرگێڕە تازەپێگەیشتووەکان هان دەدات بۆ ئەوەی لە دەوڵەمەندکردنی دیمەنی ئەدەبی کوردیدا بەشداری بکەن. ئێمە دەرفەت بۆ وەرگێڕی توانا دەڕەخسێنین کە هاوکاریمان بکەن و لێهاتووییەکانیان بەهێزتر بکەن و لە ڕێگەی وەرگێڕانەکانیانەوە خولیای زمانی و ئەدەبییان وە ڕاست بگەڕێنن و بتوانن ئەزموونی سەرکەوتوو بە دەست بهێنن و لەو ڕێگەیەوە ببنە وەرگێڕی خاوەنناوونیشان.
لەم گەشتەدا کە گەڕانێکە بە دوای ئەدەب و ناسینی کولتوور و دەوڵەمەندکردنی فیکری کوردی، لەگەڵمان بن. لە نێو کۆمەڵە کتێبە وەرگێڕدراوەکانماندا بگەڕێن، خۆتان نوقم بکەن لە نێو ئەو بەرهەمە بەکەڵک و سەرنجڕاکێشەرانەی کە وەرمانگێڕاونەتەوە سەر زمانی کوردی و چێژ وەرگرن لە خۆشیی ئەدەب بە زمانی کوردی.
لە بڵاوکەرەوەی هایادا، ئێمە پێمان وایە کتێبەکان هێزی تێپەڕاندنی سنوورەکان و لێک نزیککردنەوەی خەڵک و پەروەردەکردنی کۆمەڵگایەکی پێکهاتوو لە خوێنەرانیان هەیە. ئێمە پابەندین بە پەروەردەکردنی هۆگری بۆ خوێندنەوە، بەرەوپێشبردنی فرەچەشنیی کولتووری و دڵنیابوون لەوەی دەنگی نووسەرانی جیهان لە نێو خوێنەری کورددا دەنگ دەداتەوە.